واشنتۆن پێشبینی دەکات هاوکارییەکانی عێراق بتوانێت پارەداركردنی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران ببڕێت
دیمەشق – نۆرس پرێس
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، بەرپرسێکی باڵای گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی پێشبینی دەکات یارمەتی حکومەتی عێراق ببێتە هۆی دەستنیشانکردن و درووستكردنی ئاستەنگی لەبەردەم پارەداركردنی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق.
بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سوریا و عێراق لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7 ی تشرینی یەكەمەوە ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرش و پەلامار دەبنەوە، هێرشەكانیش لەلایەن گروپی بەناو “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” ەوە ئەنجام دەدرێن، دوایین هێرش بۆ سەر بنكەیەكی ئەمەریكی لە ئوردن كوژرانی سێ سەربازی ئەمەریكی لێكەوتەوە، لە كاردانەوەشدا واشنتن بەڵێنی وەڵامدانەوەی گروپەكانی داوە.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هێرشەکەی یەکشەممەی ڕابردوو بۆ سەر بنکەی ئەمەریکا لە ئوردن لەلایەن گرووپی چەکداری حزبوڵڵای عێراقی ئەنجامدراوە.