رۆیتەرز: پێشنیازی ئاگربەستێكی نوێ لە نێوان حەماس و ئیسرائیل هەیە و سێ قۆناغ لەخۆدەگرێت
دیمەشق – نۆرس پرێس
بەرپرسێكی بزوتنەوەی حەماس رایدەگەیەنێت، پێشنیازی ئاگربەستێکی نوێ له نێوان حەماس و ئیسرائیل له غه ززه هەیە که سێ قۆناغ له خۆ دەگرێت.
رۆژی دووشەممە، کۆشکی سپی رایگەیاند دانوستان لە ئارادایە بە ئامانجی ئازادکردنی ژمارەیەكی دیكەی دەستگیرکراوان کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرن، هەروەها كەمكردنەوەی گرژییەكان لە غەززەش دەگرێتەوە.
بەرپرسەكەی بزووتنەوەی حەماس بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەكردووە: ئاگربەستەکە ئازادکردنی ئەو بارمتانە دەگرێتەوە کە لەلایەن حەماس دەستبەسەرەن و لەگەڵ ئازادكردنی زیندانیانی فەلەستینی كە لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا ڕاگیراون، ئاماژەی بەوەشکرد کە قۆناغی یەکەم ئازادکردنی ژنان، منداڵان، بەساڵاچووان و بریندارەکان دەگرێتەوە.
لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانەکانیدا کە لە تەلەفزیۆنی ئیسرائیلەوە پەخشکرا رایگەیاند، بەبێ گەیشتن بە هەموو ئامانجەکانمان کۆتایی بەم شەڕە ناهێنین.
نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشدا، ئەمە بە واتای نەهێشتنی حەماس و گەڕاندنەوەی هەموو بارمتەکان و دڵنیابوونە لەوەی کە غەززە چیتر مەترسی لەسەر ئیسرائیل دروست ناکات.
قەتەر کە هاوشانی میسر و ئەمریکا سەرکردایەتی هەوڵەکانی نێوەندگیری دەکات، پێشتر ڕایگەیاندبوو لەم هەفتەیەدا لە میانی دانوستانەکانی پاریسدا پێشکەوتنی بەرچاو بەدیهاتووە.