وەزیری بەرگری بەریتانیا: بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ ئەمریکا بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، گرانت شاپس، وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، ” بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ ئەمریکا بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست “.

گروپە حوسییەکان، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت هێرش دەکاتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، ئەمەش فشارەکانی لەسەر ئەمریکا زیاتر کردووە و ناچار کردوون بە وەڵامدانەوە، بە هێرشکردن بۆ سەر پێگەکانیان لە یەمەن.

شاپس لە تویتێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس، داوای لە ئێران کرد کە دەسەڵاتی خۆی بەسەر حوسییەکان و لایەنە چەکدارەکانی دیکەی ناوچەکەدا بەکاربهێنێت بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان.

لە کاتێکی پێشتری ئەمڕۆشدا، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، کە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان، دەیڤید کامیرۆن دەچێتە سەڵتەنەتی عەممان و چاوەڕوان دەکرێت لەوێوە داوای سەقامگیری بکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە حوسییەکان بە بەردەوامی هێرش ئەنجام دەدەن لە دەریای سوور.

بە گوێرەی راگەێنراوەکە، “هەروەک سەردانەکە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وابڕیارە لەوێ چاوی ​​بە بەدر ئەلبوسەیدی، هاوتا عەممانییەکەی بکەوێت و تاوتوێی چۆنیەتی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە بکەن”.

ئەمریکا و بەریتانیا لەم مانگەدا چەندین جار هێرشیان کردە سەر پێگەی حوسییەکان لە یەمەن، بە ئامانجی تێکدان و لاوازکردنی توانای ئەو گرووپە بۆ هەڕەشەکردن لە رێڕەوی کەشتیەوانی لە دەریای سوور و بازرگانی جیهانی.

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راگەێنراوەکەدا روونیکردەوە، “هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکانی سەر بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەشتیوانی لە دەریای سوور یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانیان دەبێت”.

داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی