کریملین ناڕەزایەتی خۆی دەربارەی رێوشوێنەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگەیاند

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، کرێملین رایگەیاند کە “مۆسکۆ پێشوازی ناکات لە رێوشوێنی ناسەقامگیرکەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، ئەمەش دوای لێدوانەکانی ئەمریکا هات، سەبارەت بە رێوشوێنەکانیان بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشەی کە بنکە سەربازییەکەیانی لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن کردە ئامانج.

یەکشەممەی رابردوو فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی دەیان سەربازی دیکەی لە هێرشێکی درۆنیدابۆ سەر بنکەیەکی سەربازییان لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن راگەیاند، کە واشنتۆن گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار کرد.

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین رایگەیاند، “مۆسکۆ پێشوازی ناکات لە رێوشوێنی ناسەقامگیرکەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، ئاماژەی بەوەشکرد، “ئاستی گرژییەکانی ناوچەکە مایەی نیگەرانییە و کاتی ئەوە هاتووە توندیی ململانێکان کەمبکرێتەوە”.

لێدوانی ئەو بەرپرسە رووسییە دوای ئەوە هات کە رۆژنامەی “پۆلیتیکۆ”ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، کە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی داوە بە پەرەپێدانی رێوشوێنەکانی وەڵامدانەوەی هێرشەکە و گرینگترین بژاردەش بە ئامانجگرتنی پێگە سەربازییەکانی ئێرانە لە عێراق یان سووریا.

دوێنێ دووشەممە، بەرپرسانی ئەمریکی رایانگەیاند، کە هێرش کردن بۆ سەر بریکارانی ئێران لە عێراق و سووریا، دیارترین بژاردەیە کە پێشکەش بە پنتاگۆن کراوە، ئەمەش وەک کاردانەوە بەرامبەر بە کوشتنی سەربازەکانیان لە ئوردن.

پێسکۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، “گرژیەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە نیگەرانییەکی جددی دروست دەکات، بۆیە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هەنگاو بنرێت بۆ هێورکردنەوەیان، ئەمەش تاکە رێگایە، کە بتوانێت یارمەتیدەرمان بێت بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری ململانێکان”.

جەختیشی لەوەش کردەوە، کە هێورکردنەوەی ململانێکان و کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان “لە ئێستادا بۆ ئێمە زۆر گرنگە”.

داڕشتنەوەی: مالین محەممەد