دیمەشق – نۆرس پرێس
میدیا ئەمریکییەکان بڵاویانکردەوە کە “سەرۆک جۆ بایدن لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی کۆبووەوە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو بژاردانەی بۆ وەڵامدانەوەی هێرشکەی سەر بنکەی ئەمریکی لە ئوردن خرابوونەڕوو”.
شەوی 28ی کانوونی دووهەم، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا کوژرانی سێ سەرباز و برینداربوونی دەیانی دیکەی راگەیاند.
ئاژانسی سی ئێن ئێن لە زاری کۆشکی سپییەوە بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا؛ لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا؛ ئەڤریل هاینز بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا؛ جێف زینتس، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، جۆن ڤینەر، جێگری راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، لیز شێروود راندال، راوێژکاری ئاسایشی ناوخۆ و برێت مەکگۆرک، رێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشداربوون.
دوێنێ دووشەممە، لۆید ئۆستین لە بارەگای پنتاگۆن گوتی، “با بە دەربڕینی توڕەیی و پەشیمانی خۆم بەرامبەر بە کوشتنی سێ سەربازی ئازای ئەمریکی لە ئوردن و بۆ ئەو سەربازانەی دیکە کە برینداربوون دەست پێبکەم.”
ئاماژەی بەوەشکرد، من و سەرۆک لێبوردەیی نانوێنین بەرامبەر بە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ بەرگریکردن لە ئەمریکا و هێزەکانمان دەگرینەبەر.