مەغریب هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێکی دامەزراندنی چەکدارانی “داعش”ی راگەیاند

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، مەغریب هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێکی راگەیاند، کە بە “تیرۆریست” وەسفیان کردن و گوتیان کاردەکەن بۆ دامەزراندنی چەکداران و ناردنیان بۆ پەیوەستبوون بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ەوە لە ناوچەی ساحل لە باشووری سەحرا.

مەغریب ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.

بەگوێرەی ئاژانسەکەی مەغریب، ئەم ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی دەستێوەردانی دەزگا ئەمنییەکانی مەغریبدا دێت، لە رووبەڕووبوونەوەی مەترسییە پەرەسەندووەکانی داعش و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکەدا، بەتایبەتی دوای ئەو بانگەوازە یەک لە دوای یەکانەی، کە لەلایەن ئەو رێکخراوانەوە بۆ پەیوەستبوون بە مۆڵگەکانیانەوە بە تایبەت لە ناوچەی ساحل.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، تۆڕەکە لە چوار کەس پێکهاتووە و لە شارەکانی تەنجەر، کازابلانکا، بنی مەلال و ئینێزکان چالاک بووە، هەروەها هەماهەنگیان لەگەڵ سەرکردەکانی داعش هەبووە، بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ راکێشانی ئەندامە نوێیەکان بۆ ناو رێکخراوەکە.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە