لە دێرەزوور چەند هێرشێک کرایە سەر”هەسەدە”.. “داعش” بەرپرسیارێتی خۆی لە یەکێکیانی راگەیاند
دێررزوور – نۆرس پرێس
شەوی سێشەممە، چەند چەکدارێکی نەناسراو، چەند هێرشێکیان لەدژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە گوندەواری دێرەزوور لە رۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد و رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشێکیان راگەیاند.
سەرچاوەیەکی سەربازی لەهێزەکانی سووریای دیموکرات له دێرەزوور بە نۆرس پرێسی راگەیاند، چە کدارە نەناسراوەکان بە (ئار پی جی) خاڵێکی پشکنینیان لە ئه لسەنور، لە دەروازەی شارۆچکەی ئەبو حەمام له گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور کردووەته ئامانج وزیانی ماڵییان گەیاندووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشێکی دیکە لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە بە چەکی رەشاش ئەنجامدراوە، کە بارەگایەکی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان لە کەناری فورات لە شارۆچکەی ئەلتیانەی کردووەتە ئامانج، دواتر پێکدادانێک روویداوە و چەند خولەکێکی خایاندووە، بەبێ ئەوەی زیانی گیانی لێبکەوێتەوە.
بەپێی سەرچاوەکە، لە شارۆچکەی ئەلحەوایج لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، چەکدارە نەناسراوەکان بە چەکی رەشاش ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی “هەسەدە”یان کردە ئامانج و بەو هۆیەوە شەڕڤانێک بریندار بوو، هاوکات “داعش” بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.
ناسێنەرانی نزیک لە داعش بڵاویانکردەوە، ئەو رێکخراوە هێرشێکی ئەنجامداوە کە تیایدا ئۆتۆمبێلێکی سەربازی لە شارۆچکەی ئەلحەوایج کردۆتە ئامانج، بەگوێرەی ئاژانسی (ئەعماق)ی نزیک لە “داعش”، ئەندامانی رێکخراوەکە کە لە لیستە تیرۆریستییە جیهانییەکاندا پۆلێنکراون، بە رەشاش ئۆتۆمبێلەکەیان کردۆتە ئامانج، لە ئەنجامدا شەڕڤانێک شەهید بوو و یەکێکی تریش برینداربوو.