تورکیا گوندەواری مەنبیج و حەلەب بۆردومان دەكات
مەنبیج – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هێزەکانی تورکیا و میلیشیا چەکدارە دڵسۆزەکانیان، گوندەکانی گوندەواری مەنبیج و شارۆچکەی تەل رەفعەت و گوندەکانی دەوروبەریان بۆردومان كرد لە گوندەواری باکووری حەلەب.
لەمبارەیەوە ئەنجوومەنی سەربازی مەنبیج ئاماژەی بەوەکردووە، هێزەکانی تورکیا بە هاوەن و تۆپ بۆردومانی گوندەکانی جات، سەیادە، تۆخار، عەون دادات، کۆرهیوک و قرت ویرانیان لە گوندەواری باکوور و رۆژئاوای مەنبیج کردە ئامانج. راشیگەیاندووە، بۆردومانەکە زیانی بە ماڵ و موڵكی دانیشتووان گەیاندووە.
لە کاتژمێرەکانی بەیانیەوە تۆپخانەکانی تورکیا شارۆچکەی تەل رەفعەت و گوندەکانی دەوروبەری لە گوندەواری باکوری حەلەب بۆردومان دەکەن.
هەروەها سەرچاوە خۆجێییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، بۆردومانەکە شارۆچکە و گوندەکانی شێخ عیسا و مینگ و عەین دەقنەی لە دەوروبەری کردووەتە ئامانج و تا ئێستاش بەشێوەیەکی پچڕپچڕ بۆردومانەکە بەردەوامە و هیچ زانیارییەک لەبارەی بڕی زیانانەكان دەست نەکەوتووە.