سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان بە 10 ساڵ زیندانی سزادرا
دیمەشق – نۆرس پرێس
دادگای باڵای ئیسلام ئاباد سزای زیندانی بۆ دوو بەرپرسی پێشووی پاکستان دەرکرد.
لە سەرەتای مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی پاکستان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان، عیمران خانیان دەستگیرکرد، دوای ئەوەی بە تۆمەتی گەندەڵی سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
دادگای باڵا سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەر عیمران خان سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان و شا مەحموود قوڕەشی وەزیری دەرەوەی پاکستان دەرکرد بە تۆمەتی دزەپێکردنی نهێنییەکانی دەوڵەت.
خان دوای دوورخستنەوەی لە دەسەڵات ڕووبەڕووی زیاتر لە 100 دۆسیە بووەوە، کە بە وتەی خۆی تۆمەتی سیاسی بوون، ئەو تۆمەتانە بریتی بوون لە وەرگرتنی دیاری کە لە کەسایەتییە بیانییەکان هەڵگرتنی داهاتی فرۆشتنیان بۆ خۆی. دەوترێت بەهای ئەو دیارییانە زیاتر لە 140 ملیۆن ڕوپیە پاکستانی بووە کە دەکاتە 635 هەزار دۆلار، لەوانە وەرگرتنی کاتژمێری ڕۆلێکس و ئەڵقەیەک.
هەروەها تۆمەتەکان بریتین لە دزەپێکردنی نهێنییەکانی دەوڵەت، هاندان بۆ ئاژاوە و ناڕەزایەتی توندوتیژ دوای ئەوەی داوای ناڕەزایەتی لە سەرانسەری پاکستان کرد، لەسەر بنەمای ئەو تۆمەتانە فەرمانی دەستگیرکردنی جۆراوجۆر لە دژی عیمران خان دەرکرا.
عمران خان بۆ ماوەی ٤ ساڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی پاکستانی کرد، لە مانگی نیسانی 2022 لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.