هێرشکردنە سەر گرووپەكانی ئێران لە سوریا دیارترین بژاردەی واشنتنە بۆ وەڵامدانەوەی كوژرانی سەربازەکانی لە ئوردن

دیمەشق – نۆرس پرێس

کاربەدەستانی ئەمریکی رایدەگەیەنن لە کاردانەوەی كوژرانی سەربازەکانیان لە ئوردن، لێدانی گروپەكانی ئێران لە سوریا و عێراق دیارترین بژاردەیە کە پێشکەش بە پێنتاگۆن دەکرێت.

دوێنێ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریكا لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی کۆبووەوە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو بژاردانەی کە خراوەتەڕوو بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشەی کە بنکەیەکی ئەمریکی لە ئوردن کردە ئامانج و بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمەریكی گیانیان لە دەستدا و زیاتر لە 40 سەربازی دیکە بریندار بوون.

سەرۆکی ئەمریکا دوای دیدارەکەی لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی وتی: بەو شێوەیەی دەمانەوێت لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەوانە دەكەین كە هێرشەکەیان ئەنجامداوە.

لای خۆیەوە ڕۆژنامەی پۆلیتیکۆ لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە رایگەیاندووە، سەرۆک جۆ بایدن داوای بژاردەی وەڵامدانەوەی لە ڕاوێژکارەکانی کردووە کە ڕێگری بکات لە هەر هێرشێکی دیکە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا.

بە وتەی کاربەدەستانی ئەمریکی ئەو بژاردانەی خراوەتە بەردەم پێنتاگۆن بریتین لە لێدانی گرووپە ئێرانییەکان لە سوریا یان عێراق.

ئەمەریکا ئێران بە بەرپرسیار دەزانێت لە هێرشەکە، هەرچەندە ئێران ئەمە رەتدەكاتەوە، بەڵام واشنتۆن پێی وایە حزبوڵڵای عێراقی کە پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە بەرپرسیارە لە هێرشەكەی سەر بنكەكەی ئەمەریكا لە ئوردن .

هەروەها بە وتەی بەرپرسان، لەو بژاردانەی وەڵامدانەوە كە خراونەتە بەردەم پێنتاگۆن، سەروەت و سامانی هێزی دەریایی ئێرانیش لە ئاوەکانی کەنداو دەگرێتەوە و پێدەچێت وەڵامدانەوەكانی ئەمریکا بە لە دژی ئێران کۆمەڵێک ئامانج لە خۆ بگرێت.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان