ئوردن لە دەروازەیەکی سنووریی لەگەڵ سوریا دەستی بەسەر نزیكەی  700 كیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گرت

دیمەشق – نۆرس پرێس

دەسەڵاتدارانی ئوردن ڕایانگەیاند هەوڵێکیان بۆ بەقاچاخبردنی زیاتر لە 4 ملیۆن حەبی ماددەی هۆشبەر و بڕێک لە کریستاڵ لە دەروازەی سنووریی جابر لەگەڵ سووریا پووچەڵ کردووەتەوە.

ئوردن شەڕ لە دژی قاچاخچێتی مادەی هۆشبەر دەكات بۆ ناو خاکی وڵاتەکەی، زلهێزەکانی ناوچەکەش بە تێوەگلان لە قاچاخچێتی تۆمەتبار دەکات و چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر قاچاخچییەکان لە خاکی سوریا راشیدەگەیەنێت قاچاخچییەکان سەر بە ئێرانن.

وتەبێژی میدیای ئاسایشی گشتی رایگەیاند، توانیویانە هەوڵێک بۆ بەقاچاخبردنی بڕێکی زۆر حەبی ماددە هۆشبەرەکان بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر پووچەڵ بکەنەوە. ئاماژەی بەوەشکرد 4 ملیۆن و 200 هەزار حەبی ماددە هۆشبەریان دۆزیوەتەوە کە کێشیان نزیکەی 700 کیلۆگرامە.

ئەوەیشی ئاشكرا كردووە بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەستیان کەوتووە گرووپ و باندەکان سەرقاڵی ئامادەکردنی بڕێکی زۆر حەبی مادەی هۆشبەرن بە مەبەستی بە قاچاخبردنی لە رێگەی ئوردنەوە بۆ یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان