
نۆرس پرێس ناسنامەی كوژراوانی هێرشەكەی سەر ناوچەی سەیدە زەینەب ئاشكرا دەكات
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئاژانسی هەواڵی نۆرس پرێس لە ڕێگەی سەرچاوە تایبەتەکانیەوە لە دیمەشقی پایتەخت ناسنامەی ئەو کەسانەی ئاشکرا کرد کە لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا بۆ سەر شوێنێکی ناوچەی سەیدە زەینەب لە گوندەواری دیمەشق کوژران.
بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، بۆردومانەکانی ئیسرائیل ناوچەی سەیدە زەینەبیان کردە ئامانج کە دەکەوێتە باشووری دیمەشقی پایتەختی سوریا. سەرچاوە تایبەتەکان ڕایانگەیاندووە، ژمارەی کوژراوانی بۆردومانەكەی ئیسرائیل گەیشتووەتە هەشت كەس کە هەموویان سەر بە حزبوڵای لوبنانین کە سێ کەسیان هەڵگری رەگەزنامەی سوورین.
ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا ناسنامەی چوار ئەندامی کوژراوەکان دەستنیشانکراون کە بریتین لە (حەجەر مەحمود قاق و حەسەن یوسف غاوی ) كە هەردووكیان سووری بوون.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لەنێو کوژراوەکاندا دوو لوبنانی دەستنیشانکراون، ئەوانیش (حسێن خەلیل هاشم و حسێن فازل عەوازە)، لەکاتێکدا ناسنامەی چوار کوژراوەکەی دیکە دەستنیشان نەکراوە.