رۆیتەرز: بەرپرسێکی ئەمنی ئوردنی بەر لە هێرشەکە داوای لە ئەمریکا کردووە بەرگرییان لە وڵاتەکەی بەهێزتر بکەن

دیمەشق  – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، سەرچاوەیەکی ئەمنی ئوردنی بە ئاژانسی رۆیتەرزی رگەیاند، کە ئوردن لەم دواییانەدا داوای لە ئەمریکا کردووە پشتیوانی زیاتر و کەرەستەی بەرگری پێشکەوتوو بنێرێت، بە هۆی ترسی تێوەگلانی ئێران و بریکارەکانیەوە لە ململانێیەکی بەرفراوانتردا، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمڕۆ، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، جگە لە گیانلەدەستدانی سێ سەربازیان، ژمارەی بریندارانی نێو هێزەکانی ئەمریکا لە هێرشەکەدا، کە پیگەی “تاوەری 22″ی لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن کردە ئامانج، بۆ 34 سەرباز بەرزبووەتەوە.

ئەو سەرچاوە ئەمنییە ئەوەشی خستەڕوو، کە ئوردن لەم دواییانەدا سەرنجی واشنتۆنی راکێشاوە، بە پێویستی بەپەلە بۆ بەهێزکردنی بەرگریی، لە بەرامبەر ئەو گروپانەی کە ئێران پشتیوانیان لێدەکرێت، کە ژمارەی هێزەکانیان لەسەر سنوورەکانی ئوردن لەگەڵ عێراق و سووریا زیاتر بووە.

دوێنێ یەکشەممە، میلیشیای “مقاوەمەی ئیسلامی” لە عێراق، بەرپرسیارێتی لەو هێرشە راگەیاند، کە بنکەیەکی ئەمریکایان لە ئوردن، نزیک بە سنووری سووریا کردە ئامانج.

میلیشیا چەکدارەکان سنووری باشووری سووریا لەگەڵ ئوردن کۆنتڕۆڵ دەکەن و عەممانیش ئەو میلیشیانە و ئێران بە قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر لەم ناوچەیە تۆمەتبار دەکات.

بە گوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، بەشێک لە بەرپرسانی ئوردن دەڵێن، گروپە لایەنگرەکانی ئێران لە عێراق و سووریا، بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان بەکاردەهێنن بۆ زیادکردنی فشارەکان بۆ سەر ئوردن، کە هاوپەیمانێکی سەرسەختی ئەمریکایە و میوانداری سەدان سەربازی ئەمریکی دەکات.

هەروەها ئوردن داوای لە واشنتۆن کردووە، کە سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتیان بۆ دابین بکەن، بەهۆی نیگەرانییەکانی لە تەشەنە سەندی  شەڕی غەززە و ئامادەیی ئێران و لایەنە چەکدارەکانی سەر بەوان، لە ناوچەکانی سەر سنوورەکانی شانشینی ئوردن.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە