رێکخراوە مرۆییەکانی رۆژئاڤا داوای هاوکاری بەپەلە دەکەن بۆ زیانپێگەشتووانی هێرشەکانی تورکیا
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە 109 رێکخراوی مرۆیی لە رۆژئاوای کوردستان، داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتان کرد وەڵامێکی بەپەلەی داواکاری دانیشتوانی زیانلێکەوتووی دەست هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤا بدەنەوە.
لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووهەمدا، فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا هێرشیان کردە سەردامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانی رۆژئاوای کوردستان.
رێکخراوە مرۆییەکان لە راگەێنراوێکدا، رایانگەیاندووە، “قەیرانی مرۆیی لە رۆژئاوای کوردستان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، ئەمەش پێویستی بە گرنگیدان و هاوکاریی بەپەلە هەیە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی”.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، بۆردومانەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر ژێرخانی رۆژئاڤا، وایکردووە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان زۆر سنووردار بێت، لەوانە خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا، ئاو و غاز.
راشیانگەیاند، لەناوبردنی ژێرخانی گرنگ نەک هەر نەهامەتییەکانی دانیشتوانی ناوچەکە گەورەتر دەکات، بەڵکو ئاستەنگ لە سەر نۆژەنکردنەوە و بوژانەوەی ناوچەکە درووست دەکات.
دەشڵێن، “کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتان و دەزگا نێودەوڵەتییەکان دەبێت بەشداربن، لە بەدەستهێنانی وەڵامی فریاگوزاری بۆ دابینکردنی بوژانەوەی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا”.
لە راگەێنراوەکەدا ئەوەسیان خستووەتەڕوو، کە قەبارەی ئەو قەیرانەی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، لە توانای رێکخراو یان تاکە وڵاتێکدا نییە، بۆیە داوا لە وڵاتان، رێکخراوە ناحکومییەکان و ئۆرگانە نێودەوڵەتییەکان دەکەن، کۆببنەوە بۆ ئەوەی هاوکاری خێرا و درێژخایەن پێشکەش بکەن و چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخە ناهەموارە بدۆزنەوە.