بایدن: ئەنجامدەرانی هێرشی سەر هێزەکانمان لە کات و شێوازی گونجاودا بە سزا دەگەێنین

هەولێر  – نۆرس پرێس

جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە یەکێک لە بنکەکانیان لە ئوردن، “لەلایەن گروپە توندڕەوەکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجامدراوە، کە لە سووریا و عێراق چالاکن و ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە لە کات و شێوازی گونجاودا بە سزا دەگەێنین”.

پێش کەمێک، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) کوژرانی 3 سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی 25ی دیکەی لە لە هێرشی درۆنێکدا، کە بنکەیەکی سەربازی ئەمریکای کردە ئامانج، لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن راگەیاند.

بایدن لە یەکەم کاردانەوەی دوای هێرشەکە و کوژران و برینداربوونی سەربازەکانیاندا گوتی: “لەکاتی گونجاودا و بەو شێوازی خۆمان، لێپرسینەوە لە هەموو ئەوانە دەکەین، کە بەرپرسیارن لەو هێرشەدا”.

لەم چوارچێوەیەدا وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، “بە ئامانج کردنی هێزەکانمان لە ئوردن، پەرەسەندنێکی مەترسیدارە”.

لای خۆیەوە، موهەنەد موبیزین، گوتەبێژی حکومەتی ئوردن لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمی ئوردن رایگەیاند، ئەو هێرشەی سەربازانی ئەمریکی کردە ئامانج لەسەر خاکی ئوردن نەبووە، بەڵکو بنکەیەکی ئەمریکی لە ناوچەی تەنەف لە سووریا کردوەتە ئامانج.