کونسڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان: هێرشەکەی کۆرمۆر “قبووڵکراو نییە” و وەڵامیان دەدەینەوە

هەولێر  – نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ یەکشەممە، له‌ میانه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا، لە قەزای شێخان، مارک سترۆ، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا له‌ هه‌رێمی كوردستان گوتی:”وڵاتەکەی بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە کراونەتە سەر شاری هەولێر و کێڵگەی غازی کۆرمۆر له‌ چه‌مچه‌ماڵ، سنووری پارێزگای سلێمانی”.

سترۆ گوتی: “ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە توندرین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکان دەکات و سەرەخۆشی لە قوربانیانی هێرشە هەڕەمەکی و ترسناکەکانی ئێران دەکات بۆ سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی”.

گوتیشی، ئەو هێرشانە “پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری خاكی عێراقە و لەگەڵ بەرپرسانی هەولێر و بەغدا لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە وەڵامی ئەو هێرشانە بدرێنەوە”.

هەروەها گوتی: “هێرشکردنە سه‌ر شوێنی سڤیل، وەک کێڵگەی غازی کۆرمۆر، کە سەرچاوەی دابینکردنی کارەبایە بۆ هەزاران هاووڵاتی، بە تایبەتی لە وەرزی زستاندا “قبووڵکراو نییە”.

درەنگانی شەوی 25ی کانوونی دووهەم، بە چەند کاتیۆشایەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر لە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ، بەهۆی هێرشەکەوە، هەناردەكردنی غاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرا و بووە هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لە 2800 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی کوردستان.