لە یەکەم رۆژی هەڵمەتی ئەمنیدا لە کامپی هۆل 21 ئەندامی شانەکانی داعش دەستگیر کران
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان، دەرئەنجامی یەکەم رۆژی قۆناغی سێیەمی هەڵمەتی “مرۆیی و ئاسایش”یان لە کامپی هۆل لە گوندەواری حەسەکە راگەیاند.
دوێنێ هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاڤا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، بە بەشداری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەڵمەتێکی ئەمنییان لە کامپی هۆل دەستپێکرد.
ئەمەش دوای کۆکردنەوەی زانیاری هات لە لایەن ئاسایشەوە، دەربارەی نیازی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بۆ کۆکردنەوەی شانەکانی و دەستپێکردنەوەی هێرش لە کامپەکە.
ئاسایشی رۆژئاڤا لە راگەێنراوێکدا، کە ناوەندی راگەیاندنی سەر بەوان بڵاویکردۆتەوە دەڵێ، “هێزەکانی بەشداربوو لە هەڵمەتەکەدا 4 مینیان دۆزیوەتەوە، کە لە بەشی ژنانی کۆچبەردا شاراوەتەوە، هەروەها دوو تۆنێلی دزەکردنیشیان دۆزیوەتەوە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، 21 داواکراویان دەستگیرکردووە، کە هاوکاری شانەکانی داعشیان کردووە.
لە قۆناغی یەکەمی هەڵمەتی ئەمنیدا، کە لە مانگی ئازاری 2021ەوە دەستیپێکرا، 125 ئەندامی شانەکانی داعش دەستگیرکران کە 20 کەسیان سەرکردەی ئەو رێکخراوە بوون و بەرپرسیار بوون لە چەندین دۆسیەی تیرۆر.
لەکاتێکدا قۆناغی دووەم، کە لە مانگی ئابی 2022دا دەستیپێکرا، 226 ئەندامی شانەکانی رێکخراوەکە دەستگیرکران، لە نێویاندا 36 ژنی تێوەگلاو هەبوون، لە تاوانەکانی کوشتن و تۆقاندندا، ئەمە جگە لە دۆزینەوەی 25 تونێل و خەندەق و بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی .