رووسیا چەند پێگەیەکی “داعش” لە بیابانەکانی سووریا بۆردوومان دەکات
دێرەزوور – نۆرس پرێس
دوێنێ شەو، فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا هێرشی ئاسمانییان کردە سەر شانەکانی “داعش” لە بیابانەکانی سووریا، ئەمەش پاش هێرشێک هات بۆ سەر بنکەیەکی رووسیا، لە بیابانەکانی سووریا، لە لایەن سەرچاوەیەکی نادیارەوە.
سەرچاوەیەکی سەربازی سەر بە هێزەکانی حکوومەتی سووریا، لە گوندەواری حومس رایگەیاند، بنکەی رووسیا لە فڕۆکەخانەی سەربازی T4 لە گوندەواری حومس بە دوو مووشەک کراوەتە ئامانج، بەهۆیەوە ئاگر بڵێسەی سەندووە، لە کاتێکدا رێوشوێنی ئەمنی توند لە لایەن رووسەکانەوە گیراوەتەبەر، بەڵام ئەو سەرچاوەیە ئامادە نەبوو زیانەکان ئاشکرا بکات.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، چەند خولەکێک دوای هێرشەکەی سەریان، فڕۆکەکانی سوخۆی رووسی، زیاتر لە هەشت هێرشیان بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی بیابانی سووریا ئەنجامداوە، کە زۆربەیان لە دەوروبەری شاری تدمر و سوخنە بوون، لە گوندەواری رۆژهەڵاتی حومس.
ئەمەش یەکەمجارە هێرش بکرێتە سەر بنکەی روووسیا، بەو پێیەی پێشتر بنکەکە لەو ناوچەیەدا، پێشتر هیچ هێرشێکی نەکراوەتە سەر؛ بەپێی سەرچاوەکە، بنکەکە بەتەوایی سەربازییە و لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە سەرپەرشتی دەکرێت.