حمێمیم بۆردومانەکانی “جەبهەی نوسرە” لە ناوچەکانی ئاگربەست دەخاتەڕوو

قامیشلۆ- نۆرس پرێس

ناوەندی ئاشتەوایی ڕووسیا، لە بنکەی حمێمیم، لە سوریا، دوێنێ چوارشەممە ڕایگەیاند، چەکدارانی “هەیئەی تەحریرشام”، “جەبهەی نوسرە” ی پێشوو، پێنج هێرشیان لە ناوچەکانی ئاگربەست لە سوریا ئەنجامداوە.

جێگری بەڕێوەبەری سەنتەرەکە، لیوا ئۆلێگ یەگۆرۆڤ، رایگەیاند، لە ماوەی رۆژی رابردوودا (سێشەممە)، ” لە ناوچەی ئاگربەست لە ئیدلب، لە سەنگەرەکانی گروپی تیرۆریستی جەبهەی نوسرەوە پێنج گولە ئاراستەکراوە”.

دوێنێ چوارشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر ئەو ناوچانە نوێکردەوە کە لە ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سووریادان، لە گوندەواری ئیدلب لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا، لە کاتێکدا ناوچەکانی دەوروبەری تۆپبارانی بەردەوامی دوولایەنەی نێوان گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن و هێزەکانی حکوومەتی سەریایان بەخۆوە بینی.

ماوەی نزیكەی مانگێكە ناوچەكانی ئاگربەست لە باكووری رۆژئاوای سووریا، پەرەسەندنی سەربازی و ئاڵوگۆڕی چڕی تۆپبارانی نێوان هێزەكانی حكومەت و گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن، بەخۆوە دەبینن لە میحوەرەکان و بە تایبەت باشووری ئیدلب و رۆژئاوای حەلەب.

یەگۆرۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، “بۆردومانێک لە پارێزگای حەڵەب، دوو ئۆپەراسیۆن لە پارێزگای لازقییە و یەکێکی تر لە پارێزگای حەما، ئەنجامدراون “.