داعش بەرپرسیارێتی بە ئامانجگرتنی خاڵێکی پشکنینی هەسەدە لە گوندەواری رەققە دەگرێتە ئەستۆی خۆی
دێرەزوور – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ، داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە بە ئامانجگرتنی خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە شاری رەققەی باكوری سوریا كە لەلایەن بەڕێوبەری خۆسەرییەوە بەڕێوەدەبرێت، گرتە ئەستۆی خۆی.
پێگەی ئەلیکترۆنی ئەعماق کە نزیکە لە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، بڵاویکردووەتەوە، چەکدارانی ڕێکخراوەکە بە هێرشیان کردووەتە سەر خاڵێکی پشکنینی هێزی سوریای دیموکرات لە كێڵگەی رەشید لە ڕۆژئاوای رەققە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکە بووەتە هۆی گیان لە دەستدان و برینداربوونی سێ ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەڵام تا ئێستا هێزەکانی سوریای دیموکرات هیچ لێدوانێکیان لەسەر ڕووداوەکە نەداوە.
ئەمە لە كاتێكدایە سەرلەبەیانی دوێنێ، ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، بەرپرسیارێتی تیرۆرکردنی مامۆستایەکی قوتابخانەی لە ئەستۆ گرت، بە بیانووی كاركردن بۆ “هەسەدە” لە شارۆچکەی حەوایج لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور.