یەمەن داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات حوسییەکان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن بکەن

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ شەممە، مەعین عەبدولمەلیک، سەرۆکوەزیرانی یەمەن، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا “حوسییەکان” لە یەمەن وەک “رێکخراوی تیرۆریستی” پۆلێن بکەن.

لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پۆلێنکردنەوەی حوسییەکانی وەک “گرووپێکی تیرۆریستی جیهانی” راگەیاند.

بە گوێرەی ئاژانسی سەبائی حکومەتی یەمەن بانگهێشتەکەی عەبدولمەلیک لە میانەی دیدارێكی هات لە ریاز لەگەڵ یاریدەدەری بەڕێوەبەری ئاژانسی ئەمەریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی، سۆنالی کوردی و ستیڤن فاگین، باڵیۆزی ئەمریکا لە یەمەن.

راشیگەیاندووە: بڕیاری ئەمریکا بۆ پۆلێنکردنەوەی حوسییەکان وەک گروپێکی تیرۆریستی پێویستە ببێتە بابەتی کۆدەنگی نێودەوڵەتی .

گروپی حوسی لە یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە غەززە لە 7ی تشرینی یەكەمەوە کەشتیەکانی دەریای سوور دەكەنە ئامانج.

دارشتنەوەی: مالین محەمەد