هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان دوای هێرشەکانی ئێران ڕێوشوێنی خۆپارێزی دەگرێتەبەر

حه‌سه‌كه‌ – نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ شەممە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ژمارەیەک لە سەربازەکانی لە بنکەیەکی گونده‌واری حەسەکە بۆ سەربازگەیەکی دیکە هەمان گونده‌واری گواستەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێوشوێنی خۆپارێزی به‌هۆی هێرشەکانی ئێران.

سەرچاوەیەک له‌ هاوپەیمانان بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، كه‌ “هێزەکانیان بڵاودەکەنەوە دوای هێرشەکانی میلیشیاکان و لایەنگرانی ئێران”.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کۆشکی سپی رایگه‌یاند كه‌ هیچ نیازێکی سەرۆک بایدن نیه‌ بۆ کشانەوەی لە سوریا، بەرپرسێکی دیکەش ڕایگەیاندبوو کە کشانەوەی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان  لە عێراق ڕەنگە ساڵانێکی زۆر بخایەنێت.

بەپێی سەرچاوەکە، ماوەیەک لەمەوبەر هاوپەیمانان سەربازەکانی خۆیان لە بنکەیەکی گونده‌واری قامشلۆ بۆ سەربازگەیەکی دیکە لە حەسەکە گواستۆته‌وه‌، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێوشوێنە خۆپارێزییەکانی هاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی.

ئەو سەرچاوەیە ئەو هەنگاوەی به‌ “ئامانج ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەكانی ئێران ناو برد كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ زیادی كردووه”‌.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: هۆشەنگ حەسەن