پەرلەمانتارێکی پێشووی سووریا داوا لە حکوومەتی وڵاتەکەی دەکات هەڵوێستێکی روونی هەبێت بەرامبەر بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤا

دیمەشق– نۆرس پرێس

عومەر ئۆسی، پەرلەمانتاری پێشووی سووریا داوای لە حکومەتی سووریا کرد، کە هەڵوێستێکی روون سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا دەرببڕێت و هێشەکانی بە “پێشێلکردنی ئاشکرای یەکێتی و سەروەری خاکی وڵاتەکەی” ناوبرد.

تا ئێستا دیمەشق هیچ هەڵوێستێکی نەبووە لەبارەی بۆردومانەکانی تورکیاوە بۆ سەر دامەزراوە خزمەتگوزاری و نەوتییەکان و دروستبوونی قەیرانی مرۆیی لە رۆژئاوای کوردستان، لە لێدوانەکانی پێشوودا بۆ نۆرس پرێس، چالاکوانێکی مافی مرۆڤ رایگەیاندبوو، کە بەنێودەوڵەتیکردنی هەڵوێست بەرامبەر بە بۆردومانەکە دەکەوێتە سەر دیمەشق، بەو پێیەی ئەندامە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەو بۆردوومانانەش پێشێلکردنی سەروەری ئەو وڵاتەن.

ئۆسی کە سەرۆکایەتی “دەستپێشخەریی نیشتمانی کوردانی سووریا”دەکات، لە لێدوانێکدا بۆ نۆرس پرێس رایگەیاند، پێویستە حکومەتی سووریا لەڕووی دیپلۆماسی و سیاسییەوە هەنگاو بنێت “بۆ گواستنەوەی دۆسیەی تاوانەکانی تورکیا بۆ کۆمکاری عەرەبی و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان”.

بەگوێرەی بۆچوونی ئەو، ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی سووریا و بەڕێوبەریی خۆسەریی دیموکراتی لە پشت دەرنەکردنی هیچ هەڵوێستێکی فەرمی حکومەتی سووریاوەیە، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت حکومەتی سووریا، سەربەخۆ و دوور لە ناکۆکییەکان ئەرکەکانی بەرامبەر بە دەستدرێژییەکانی تورکیا جێبەجێ بکات.

هەروەها داوای لە حکومەتی سووریا و بەڕێوبەریی خۆسەریی دیموکراتی کرد کە “دەستبەجێ گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی ئامانجە فراوانخوازییەکانی تورکیا بوەستێنرێت”.

گوتیشی، “ناتوانرێت گرەو لەسەر هەڵوێست و ئامادەیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بوونی ئەمریکی و رووسیا بکرێت، ئەگەر گڵۆپی سەوزی ئەمریکی نەبوایە، لایەنی تورکی نەیدەتوانی هێرش بکات سەر خاکی سوەریا”.

ئامادەکردنی: عەبدولسەلام خۆجە – داڕشتنەوەی: عەگید مشمش