وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ نۆرس پرێس: ئەمریکا  “زۆر نیگەرانە” لە چالاکییە سەربازییەکان لە باکووری سووریا

دیمەشق– نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئاژانسی نۆرس پرێسی راگەیاند، هێرشەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان کاریگەری لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی شکستپێهێنانی هەمیشەیی “داعش” هەیە.

لە دوایین پەرەسەندا، تورکیا دەیان شوێنی بۆردومان کرد کە زۆربەیان ژێرخانیی و خزمەتگوزاری و دامەزراوە نەوتییەکان بوون و بەرپرسانی بەڕێوبەریی خۆسەریی و فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات رەخنەیان لە بێدەنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەکانی ئەمریکا گرت، سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی ئیمەیڵێکەوە بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، ئەمریکا هێشتا “زۆر نیگەرانە” سەبارەت بە چالاکییە سەربازییەکان لە باکووری سووریا و کاریگەرییەکانی لەسەر دانیشتوانی سڤیل و ژێرخانی وڵاتەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵوێستی ئەمریکا “نەگۆڕاوە، ئێمە هێشتا پشتگیری لە پاراستنی هێڵەکانی ئاگربەست دەکەین و داوای کۆتاییهێنانی پەرەسەندنە توندوتیژەکان دەکەین.”

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە هەموو لایەنەکان کرد رێز لە ئاگربەست بگرن و سەقامگیری بەرقەرارکەن و کار بۆ چارەسەرکردنی سیاسیانەی ململانێکان بکەن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆشەنگ حەسەن