“مقاوەمەی ئیسلامی” بەرپرسیارێتی خۆی لە بەئامانج گرتنی 3 بنکەی ئەمریکی لە عێراق و سووریا راگەیاند

قامشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” بەرپرسیارێتی خۆی لە بە ئامانجگرتنی 3 بنکەی ئەمریکی لە عێراق و سووریا بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان راگەیاند.

رۆژێک بەر لەوە، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی میلیشیا ئێرانییەکانەوە بۆ سەر بنکەکانیان لە سووریا و عێراق، کە نزیکەی 150 هێرشیان کراوەتە سەر و زۆربەی هێرشەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراون، 83 سەربازیان برینداربوون.

گرووپی “مقاوەمەی ئیسلامیی” لایەنگری ئێران لە بەیاننامەیەکدا لە رێگەی ناسێنەرەکانیەوە رایگەیاندووە، “موجاهدینەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هێرشیان کردە سەر سێ بنکەی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، ئەوانیش بنکەی کۆنیکۆ و فڕۆکەخانەی هەولێر و عەین ئەسەد بوون”.

پێشتریش هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق، کوژرانی یەکێک لە ئەندامەکانیان و برینداربوونی دووی دیکە و وێرانکردنی بارەگاکانی بە دوو هێرشی ئەمریکی لە رۆژئاوا و باشووری عێراق راگەیاند.

راگەێنراوەکەی “مقاوەمەی ئیسلامی” دووپاتی کردەوە، کە بەردەوام دەبن لە بەئامانجگرتنی پێگەکانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، “بۆ پشتیوانی لە کەرتی غەززە”.

داڕشتنەوەی: مالین محەممەد