درۆنێکی تورکیا چەند ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاڤا شەهید و بریندار دەکات

قامشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایشی رۆژئاڤا) رایگەیاند، بەهۆی بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێکیان لە لایەن درۆنێکی تورکیاوە، لە سەر رێگای نێودەوڵەتی کە شارەکانی قامیشلۆ و حەسەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەندامێکیان شەهید بوو و سێی دیکەش برینداربوون.

دوێنی درۆنێکی تورکیا ئۆتۆمبێلیکی جۆری “ڤان”ی لە سەر رێگای عەلی فارۆ لە رۆژئاوای شاری قامشلۆ کردە ئامانج.

دوێنێ،هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان لە بەیاننامەیەکدا لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیان رایانگەیاند، “نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی کانوونی دووەم، تورکیا لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە ڤانێکی سەر بە هێزەکانی ئێمەی، لەسەر رێگای نێودەوڵەتی کردە ئامانج، کە شارەکانی قامشلۆ و حەسەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەئامانجکردنەکە بووەتە هۆی شەهیدبوونی یەکێک لە ئەندامەکانیان و برینداربوونی سێی دیکەش بە پلەی جیاواز، بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.

روونیشیکردەوە، ئامانجی سەرەکی تورکیا لەو هێرشانە “بەئامانجگرتنی ئاسایش و سەلامەتی دانیشتوانە”، هاوکات “ئامانجیان بەربەست دروستکردنە لە کارەکانی لە بەدواداچوونی تاوانباراندا و ئەو کەسانەی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدەن”.

داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی