نۆرس پرێس کۆڕبەندێکی بۆ تاوتوێکردنی گێڕانەوە خێزانەکانی کامپی هۆل بۆ ناو کۆمەڵگا رێکخست
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی بەشی چاودێری وبەبەڵگەکردنی نۆرس پرێس، کۆڕبەندێکی دیالۆگی لە شارەکانی رەققە و دێرەزوور لە رۆژئاوای کوردستان، بە بەشداریی چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ژنانی گەڕاوە لە کامپی هۆل، سەبارەت بە تێکەڵکردنەوەی خێزانەکانی کامپەکە لە گەڵ خەڵکی ناوچەکە، رێکخرا و ئەو سەختییانەی کە رووبەڕوویان دەبێتەوە گەنگەشە کرا.
لە کۆڕبەندەکەدا 24 کەس لە رەققەوە و 18 کەس لە دێرەزوورەوە لە رێگەی تەکنەلۆجیای ڤیدیۆییەوە بەشدارییان لە کۆڕبەندی “ئەو بەهێزە”دا کردووە، لەنێویاندا ئەو ژنانەی لە کامپی هۆل گەڕابوونەوە و فەرمانگەی سەرپەرشتی کۆمەڵگایی لە رەققە بەشدار بوون.
زانا ئەلعەلی، رێکخەری کۆڕبەندەکە رایگەیاند، کۆڕبەندەکە دوای ئەوە هات کە سێ دانیشتن لە رەققە و سێ دانیشتن لە دێرەزوور بەڕێوەچوون.
ئەو گرفتانەی کە ئامادەبووان لە کۆڕبەندەکەدا وروژاندیان و گفتوگۆیان لەسەر کرا، زیاتر پێکهاتبوون لە مەسەلەی لەدەستدانی ناسنامەی گەڕاوەکان لە کامپی هۆل و نەبوونی هەلی کار بۆیان، ئەمە جگە لە گرفتی تۆمارنەکردنی ئەو منداڵانەی لە دایکێکی سوری و باوکێکی بیانییەوە هاتوونەتە دونیاوە.
ئەلعەلی ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەی ئەو کەسانەی لە هۆلەو دەگەڕێنەوە و تێکەڵ بە کۆمەڵگەی ناوخۆییەکان دەبن ئەوەیە، کە پێویستیان بە کات و هەوڵی نێودەوڵەتی هەیە، بەو پێیەی هێشتا ژمارەیەکی یەکجار زۆر هاووڵاتیانی سووریا لە کامپەکەدا هەن.
ئامانج لە دەستپێشخەریەکەی بەشی چاودێری وبەبەڵگەکردنی نۆرس پرێس بەهێزکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵگا و بەرەنگاربوونەوەی ئەو جۆرە توندڕەویانەیە، کە لە تێکەڵکردنی گەڕاوەکانی کامپی هۆل لەگەڵ کۆمەڵگا دەکەونەوە.