بنکەیەکی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر بە درۆن بەئامانج کرا

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بنکەیەکی ئەمریکای لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر لە هەرێمی کوردستان کردە ئامانج.

ئاژانسی رۆیتەرز هەواڵی بەئامانجگرتنەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کە ئەم بەئامانجگرتنە دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر دێت لە هێرشەکانی سوپای ئەمریکا لە عێراق بۆ سەر سێ دامەزراوەی پەیوەندیدار بە میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێرانەوە.

دوێنی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند، بەهۆی هێرشی میلیشیا ئێرانییەکانەوە بۆ سەر بنکەکانیان لە سووریا و عێراق 83 سەرباز برینداربوون، کە بنکەکان نزیکەی 150 هێرشیان کراوەتە سەر و هێرشەکان زۆربەیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوون.

دوو بەرپرسی عێراقی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، “فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بنکەیەکی کردووەتە ئامانج، کە هێزەکانی ئەمریکای تێدایە، لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەیان لەبارەی رووداوەکە و ئاستی زیانەکانەوە ئاشکرا نەکردووە.

داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی