شەڕێکی خێڵەکی لە گوندەواری رەققە کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

رەققە – نۆرس پرێس

شەوی چوارشەممە، لە شەڕیکی خێڵەکی نوێدا  لە گوندەواری رەققە لە باکووری سووریا، دوو کەس کوژران و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.

لە سەرەتای مانگی نیسانی رابردووەوە، ناکۆکییەکی خێڵەکی لە نێوان گوندەکانی حەمرە جوماسە (ئەلجوماسا) و حەمرە بەلاسم (ئەلمودەلیج) سەریهەڵدا، دوای ناکۆکییەک لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان، کە لە سەرەتای ناکۆکیەکەوە تا دوێنێ، نزیکەی 15 کەس لە نێوان هەردوولادا کوژران.

سەرچاوەیەکی ناوخۆیی لە گوندی حەمرە بەلاسم بە نۆرس پرێسی راگەیاند، شەڕەکە شەوی چوارشەممە نوێ بووەتەوە و لە ئەنجامدا دوو کەس لە خێڵی (ئەلجوماسە) کوژراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو پێکدادانانە، کە تیایدا چەکی ئاگردار بەکارهێنراوە، لە ئەنجامدا سێ کەسی سەر بە یەک خێڵ برینداربوون.

سەرەڕای داوای ئاشتی نێوان ئەو دوو خێڵە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان