حەماس پێشنیارێکی ئیسرائیل بۆ راگرتنی جەنگ رەتدەکاتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، بزوتنەوەی حەماس پێشنیارێکی ئیسرائیلی بۆ وەستاندنی جەنگ بۆ ماوەی دوو مانگ رەتکردەوە و جەختی لەسەر پێداگریی خۆی بۆ وەستاندنی یەکجارەکی شەڕ و کشانەوەی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کردەوە.

غازی حەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، “بزووتنەوەکە پێشنیاری ئیسرائیل رەتدەکاتەوە بۆ وەستاندنی شەڕ بۆ ماوەی دوو مانگ، لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی فرە قۆناغدا کە ئازادکردنی سەرجەم دەستگیرکراوانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لەخۆدەگرێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەم دابەشکردنە و ئەم شێوازە قبوڵ ناکەین، چونکە ئەمە بەو مانایەیە کە ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە شەڕ و داگیرکردنی کەرتی غەززە و دووبارەکردنەوەی کۆمەڵکوژییەکان، ئێمە لە یەکەم ئاگربەستدا ئەمەمان تاقیکردووەتەوە”.

ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی حەماس جەختی لەوە کردەوە، ئەوان بڕیاریان داوە کە دەبێت شەڕەکە یەکجارەکی و بۆ هەمیشە بوەستێت و ئیسرائیل دەستیپینەکاتەوە، پێشنیارەکەی ئیسرائیلی بە “خۆدزینەوە و درۆ و فێڵ” ناوزەد کرد.

بە گویرەی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ سێشەممە، ئیلۆن لیڤی گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاندووە کە “هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان”.

ئاماژەی بەوەشکرد، تەلئەبیب هەرگیز بە رێککەوتنێک رازی نابێت دەسەڵات لە غەززە بەدەستی حەماسەوە بهێڵیتەوە، کە بە “تیرۆریستی” دەزانێت.