
بە فڕۆكە هێرش كرایە سەر كۆگاكانی چەكی سوپای پاسداران لە دێرەزوور
دێرەزوور- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، فڕۆکەی نەناسراو بە چەندین هێرشی ئاسمانی كۆگای چەک و تەقەمەنی سوپای پاسدارانی ئێرانیان لە دێرەزووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ئامانج گرت.
ئێوارەی دوێنێ ناوچەکە رووبەڕووی هەڵکشانی سەربازی بووەوە بەهۆی بۆردومانی نێوان بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە دێرەزوور.
سەرچاوەیەكی سەربازی له سوپای پاسدارانی ئێران له دێرەزوور رایگەیاند، فڕۆکەی نەناسراو کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی له شارۆچکەی سوكەرییەی سەر بە بوكەمالی كردووەتە ئامانج ئەمەش بووەتە هۆی تەقینەوەی كۆگاكە.
ئەم سەرچاوەیە بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکەکان دوو کۆگای چەکیان لە شاری بوكەمال و نزیک نەخۆشخانەی “عائیشە” و لەسەر سنووری سوریا و عێراق کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا كۆگاكانی چەك بەتەواوی لەناوچوون.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە دوای بۆردومانەكە ئەندامانی سوپای پاسداران لە ترسی دووبارە بوونەوەی بۆردومانەکان بارەگاکانیان چۆڵکردووە و چووەتە ناو ماڵە مەدەنییەکان.