سەرەڕای لەكاركەوتنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان، ئاوی خواردنەوە بۆ گوندەواری قامشلۆ دابین دەكرێتەوە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
دوای لەكاركەوتنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەهۆی هێرشەكانی توركیا، دووبارە ئاو بۆ گوندەواری قامشلۆ دابین دەكرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاو لە شاری عامودێی ڕۆژئاوای قامشلۆ لە رۆژئاوای كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە دابینكردنەوەی ئاوی خواردنەوەی بەشێوەی پلەبەندی راگەیاند، دوای ئەوەی بەهۆی بۆردومانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر وێستگەی کارەبای شارەکە گەیاندنی ئاوی خواردنەوەش بۆ ناوچەكە پچڕابوو.
دوێنێ، بەرپرسێکی بەڕێوبەری خۆسەری ئەوەی خستەڕوو، هەوڵدەدەن مۆلیدەی کارەبایی بەكاربهێنن بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ وێستگەکانی ئاو بۆ دانیشتوانی ناوچەی جەزیرە لە رۆژئاوای كوردستان، لەهەمانكاتدا جەختی لەسەر سەختی بابەتەکە کردەوە بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی دوای بۆردومانەکەی تورکیا بۆ سەر دامەزراوە و پاڵاوگەکانی نەوت لە رۆژئاوای كوردستان.
ئیبراهیم حەسەن بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی عامودێ، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، ئێستا لە کۆی 16 بیری ئاو نۆ بیر کار دەکەن. لەمڕۆشەوە دابینكردنێكی بەشێكی ئاوی خواردنەوە دەست پێدەکات، لە کاتژمێر پێنجی ئێوارە تا نیوەی شەو.