هیومان رایتس وۆچ: هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر هاووڵاتیانی سڤیلی بەئامانج گرتووە
هەولێر – نۆرس پرێس
رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ رایگەیاند، ھێرشەکەی ئێران بۆ سەر ھەولێر ھاووڵاتیانی سڤیلی بەئامانج گرتووە و “بۆ ئەوەی لەو جۆرە هێرشانە دووبارە نەبنەوە پێویستە لێپرسینەوەی یاسایی لە ئەنجامدەرانی بکرێت”.
لە راپۆرتێکدا کە رێکخراوەکە لەبارەی ھێرشەکەی ئێرانەوە بۆ سەر ھەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، لە 15ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، ھێرشێکی مووشەکی بالیستی ئیرانیی بۆ سەر ماڵێک لە ھەولێر، لە ھەرێمی کوردستان بووەتە ھۆی کوژرانی چوار ھاووڵاتی سڤیل و برینداربوونی شەشی دیکە.
سەرباری بانگەشەکانی ئێران لەبارەی ھێرشەکە و بڵاوکردنەوەی چەندین وینەی ساختە، کە گوایە بەئامانجکراوەکان سەر بە مۆسادی ئیسرائیلی بوون، بەڵام هیومان رایتس وۆچ دەڵێ: “ئەم ھێرشە دوای چەندین ھێرشی تری سوپای پاسداران دێت لەناوچەکانی نیشتەجێبونی ھەرێمی کوردستان کە ھاووڵاتیانی سڤیلیان کردووەتە ئامانج”.
رێکخراوەکە دوپاتی کردووەتەوە، کە “نابێت عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ کێبڕکێی دەرەکی لەسەر بەرژەوەندی ژیانی ھاووڵاتیانی سڤیل و سەقامگیری وڵاتەکە”.