پاش وێرانکردنی لە لایەن تورکیاوە.. بەڕێوبەری خۆسەریی هەوڵی دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ دابینکردنی ئاو بۆ دانیشتووان دەدات

رەققە – نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، بەرپرسێکی بەڕێوبەریی خۆسەریی رایگەیاند، هەوڵدەدەن کارەبای مۆلیدە کارەباییەکان بەکار بهێنن بۆ وێستگەکانی ئاو و پەمپکردن، بە مەبەستی دابینکردنی ئاو بۆ دانیشتوانی ناوچەی جەزیرە لە رۆژئاوای کوردستان.

هێرشەکانی تورکیا لەم دواییانەدا زیانیان بە وێستگەکانی ئاو لە باکووری سووریا گەیاندووە، جگە لە بڕینی کارەبای پێویست بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی پەمپکردن، ناوچەکە لە ئێستاوە بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنێت بەهۆی بڕینی ئاوی وێستگەی عەلوک لە لایەن تورکیاوە لە گوندەواری سەرێ کانیێ و کەمکردنەوەی ئاستی ئاوی فورات بۆ ئاستێکی نزم.

خورشید ئۆسۆ، بەڕێوەبەری بەشی ئاوی قامشلۆ رایگەیاند، بەهۆی پچڕانی کارەباوە زۆربەی وێستگەکانی ئاوی دەڤەری جەزیرە لە خزمەتگوزاری دەرچوون.

ناوبراو لە لێدوانێکدا بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، لە عامودێ لە گوندەواری قامشلۆ لە کۆی 21 بیرە ئاو 14 بیری ئاو لە کار کەوتوون.

لە قامشلۆ سێ وێستگەی سەرەکی (الهیلالیە، جقجق، عوەیجە) هەیە، جگە لە 13 بیر لە دیوی رۆژهەڵاتی شارەکە، کە هەموویان پێویستیان بە مۆلیدەی کارەبایی و سووتەمەنی گازۆیلە بۆ کارکردنیان،ئەمەش کارێکی قورسە بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە بۆ سەر وێستگە و پاڵاوگەکانی نەوت.

ئۆسۆ ئاماژەی بەوەشکرد، تەنها وێستگەی هیلالییە، لە رۆژئاوای قامشلۆ، 51 بیری ئاو و 10 پەمپی هەیە کە پێویستی بە هەزار لیتر گازۆیل هەیە لە کاتژمێرێکدا.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی فەرمانگەی ئاو، “کەمی گازۆیل دەبێتە هۆی ئەوەی وێستگەکان بە بەردەوامی کار نەکەن، بۆیە ئێمە سیستەمێکی دابەشکردنی توند لە کارکردندا دەگرینەبەر”.

ئامادەکردنی: زانا ئەلعەلی – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان