تورکیا گوندەوارەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی حەڵەب  بۆردوومان دەکات

حەڵەب – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، سوپای تورکیا و میلیشیا ئۆپۆزسیۆنەکانی دڵسۆزیان گوندەکانی مەنبیج و بابیان لە گوندەوارەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی حەڵەب بۆردومان کرد.

سەرچاوە خۆجێییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، زیاتر لە 15 هاوەن لە دەوروبەری ناوچەی پیشەسازی لە شارۆچکەی تل رەفعەت لە گوندەواری باکووری حەڵەب کەوتوونەتە خوارەوە و زیانی ماڵی لێکەوتووەتەوە.

دوو رۆژ لەمەوبەر لە دەوروبەری بنکەی رووسیا لە شارۆچکەی تل رەفعەت هاوەنێکی تورکیا کەوتە خوارەوە.

بۆردومانێکی هاوشێوەی تورکیا ژمارەیەک گوندی کردە ئامانج کە دەکەونە ناوچەکانی باکوور و رۆژئاوای گوندەواری مەنبیجەوە لە باکووری سووریا.

سوپای تورکیا بۆردومانی گوندەواری باب ئەلشەرقی کرد، کە هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی بابی لێیە، بەبێ ئەوەی زانیاریی زیاتر لەسەر بۆردوومانەکە هەبێت.

دەزگاکانی راگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن رایانگەیاند کە سووپای تورکیا ناوچەکانی گوندەواری حەڵەبی لە ناو خاکی تورکیاوە بۆردومان کردووە.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە