هەولێر – نۆرس پرێس
دەسەڵاتدارێک لە کۆشکی سپی دەربارەی هێرشەکەی دوێنێی سەر بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار رایگەیاند، کە “ئەو هێرشە هەڕەشەیەکی گەورەیە و وەڵاممان دەبێت”.
جۆن فاینەر، جێگری راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێ، “ئەمە هێرشێکی راستەقینە بوو، کە تێیدا مووشەکی بالیستیی بەکارهاتووە و هەڕەشەیەکی گەورەیە”.
فاینەر گوتیشی، ” بۆ ئەوەی ئەو هێرشانە دووربخەینەوە و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی بکرێت، دڵنیابن کە ئێمە ئەو هێرشە زۆر بە جیدی وەردەگرین و بە شێوازی شایستە وەڵامیان دەدەینەوە”.
دوێنێ شەممە، بە 20 مووشەک هێرش کرایە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد و لانیکەم 5 لەو مووشەکانە لەنێو بنکەکەدا کەوتوونەتە خوارەوە، هەریەک لە کەتیبەی حیزبوڵڵای عێراق و نوجەبا بەرپرسیاریێتی خۆیان لەو هێرشە راگەیاند.
سەرچاوە ئەمنییەکان رایانگەیاند، کە شوێنی تەقاندنی مووشەکەکان شارۆچکەی بەغدادی بووە لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار.