پاش 10 سۆراخی بێئەنجام.. ئەمریکا کوژرانی دوو سەربازی سوپاکەی راگەیاند

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، سوپای ئەمریکا، کوژرانی دوو ئەندامی هێزی تایبەتی دەریایی راگەیاند، لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی دەستبەسەرداگرتنی چەکی ئێرانیدا لە کەناراوەکانی سۆماڵ، کە بۆ حوسییەکانی یەمەن دەرۆشت، بێسەروشوێن بوون.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، سێنتکۆم، پێشتر بڵاویکردبووەوە، ئەو دوو سەربازەی هێزی دەریای، کە لە دەریادا بێسەروشوێن بوون، بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنێکدا کردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی بەلەمێکی کەشتیوانی لە کەناراوەکانی سۆماڵ و پێکهاتە مووشەکییەکانی دروستکراوی ئێران کە لەناو کەشتییەکەدا بوون.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سێنتکۆم، لە 11ی کانوونی دووهەمەوە پەیوەندی لەگەڵ ئەو دوو ئەندامە پچڕاوە.

لە راگەیەندراوەکەی فەرماندەیی ئەمریکادا ئەوەش هاتووە: “بەداخەوە رایدەگەیەنین، کە دوای گەڕانێکی بەرفراوان بۆ ماوەی 10 رۆژ، نەمانتوانی شوێنی ئەو دوو کارمەندە ونبووەی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا بدۆزینەوە، بۆیە بە مردوو تۆماریان دەکەین”.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە