تەرمی چەند کۆچبەرێکی سووری لە کاناراوەکانی ئەنتالیا دۆزرایەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

دەسەڵاتدارانی تورکیا شەش تەرمی کۆچبەرانی سوورییان دۆزیوەتەوە کە لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا بە رێگەی نایاسایی گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە، کە لە هەوڵی ئەوەدا بوون لە لوبنانەوە بەرەو قوبرس بڕۆن و لە رێگا پەیوەندییان نەماوە.

بەگوێرەی ئاماری باڵیۆزخانەی لوبنان لە تورکیا، لە 11ی کانونی یەکەمی 2023 بەلەمێک کە نزیکەی 90 کۆچبەری هەڵگرتبوو لە کەناراوەکانی باکووری لوبنانەوە بەرەو قوبرس کەوتووەتەڕێ، دوای چەند کاتژمێرێک هیچ پەیوەندیەک لەگەڵ بەلەمەکەدا نەمێنێت.

دوێنێ یەکشەممە، ویلایەتی ئەنتاڵیاى تورکیا راگەێنراوێکی بڵاوکردەوە و گوتیان، تەرمی شەش کۆجبەری خنکاو گەیشتووەتە کەناراوەکانی تورکیا و جلوبەرگەکانیان هێمای “دروستکراوی سووریا”ی لەسەرە.

ویلایەتەکە لە راگەێنراوێکدا پێی وایە، ئەو شەش تەرمە هی ئەو پەناخوازانەن کە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوودا لە کەناراوەکانی لوبنانەوە بەڕێکەوتن بەرەو دوورگەی قوبرس، دواتر بەلەمەکەیان نوقووم بووە و پەیوەندی لەگەڵیان بچڕاوە.

لە کاتی پشکنینی تۆمارەکانی کەشناسی هەفتەی رابردوودا دەرکەوتووە کە بای باو لە باشوورەوە هەبووە و شەپۆلەکانیش لە باشووری رۆژهەڵاتەوە بوون، هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە ئەو تەرمانەی کە باسیان لێوە دەکرێت، پاش نقوومبوونی بەلەمەکە، با و شەپۆلەکان بەرەو کەنارەکانی ئەنتاڵیا فڕێیدەبن.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان