“هەسەدە” دەرئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانیان دژ بە سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکان لە رۆژئاڤا دەخاتەڕوو

رەققە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، لە چوارچێوەی “وەڵامدانەی رەوا”دا بۆ هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان هێزەکانی سوریای دیموکرات جێبەجێکردنی هەشت ئۆپەراسیۆنیان دژ بە هێزەکانی تورکیا و میلیشیا چەکدارەکانی سەر بەوان راگەیاند.

ناوەندی راگەیاندنی “هەسەدە” زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی راگەیاند، کە دژ بە سوپای تورکیا و میلیشیاکانیان ئەنجامیان داوە، یەکێک لەوانە هێرشێکی ئەنجومەنی سەربازی مەنبیج بوو، بۆ سەر پێگەیەکی میلیشیاکانی لایەنگری تورکیا، لە گوندی ئەلسەیدا، نزیک بە گوندی شوهەیب لە گوندەواری مەنبیج، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا چوار ئەندامی میلیشیاکە کوژران.

بەگوێرەی ناوەندی راگەیاندنی “هەسەدە”، ئۆپەراسیۆنی دووەمیان لە میحوەری عەین عیسا ئەنجامداوە، کە بە چەکی قورس خاڵێکی پشکنین و بنکەیەکی تورکیای لە گوندی ئەلشرکراک لە باکوری رۆژهەڵاتی عەین عیسا کردووەتە ئامانج، بەبێ ئەوەی زیانەکان پشتڕاستبکرێتەوە.

هەروەها “هەسەدە” دوو ئۆپەراسیۆنی هاوتەریبی بە چەکی قورس له گوندی تینا و موعەلەق له باشووری شارۆچکه ی گرێ سپی دژ بە هێزە تورکییەکان ئەنجامداوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، شەڕڤانانی “هەسەدە” توانیویانە بچنە ناو بنکەیەکی سەربازی تورکیاوە لە گوندی ئەلسەلیبی لە رۆژئاوای گرێ سپی و “زیانی بەرچاویان پێ گەیاندوون”.

ئەو ئۆپەراسیۆنانە بووەنەتە هۆی کوژرانی 17 ئەندامی میلیشیا ئۆپۆزسیۆنەکانی سەر بە تورکیا و دوو سەربازی تورکیا.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان