بەرپرسێکی ئەمریکی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیه‌كی بێفڕۆکەوانی سوپای وڵاتەکەی لە عێراق رادەگەیەنێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەرپرسێکی ئەمریکی، رایگەیاندووه‌، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەربازی ئەمریکی لە باکووری بەغدای پایتەختی عێراق کەوتووەتە خوارەوە.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، درەنگانی ڕۆژی پێنجشەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە نزیک بنکەی ئاسمانی بەلەد لە عێراق کەوتووەتە خوارەوە، بەبێ ئەوەی جۆرەکەی دیاری بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە ئەمنییەکانی عێراق فڕۆکەکەیان دۆزیوەتەوە.

دوێنێ هەینی، وه‌زاره‌تی بەرگری ئەمریکا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە، بنکەکانیان لە سوریا و عێراق کەوتوونەتە بەر 140 هێرش.

گروپی بەناو “مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی لە عێراق” پێنجشەممەی ڕابردوو ئاشكرایكرد، تەقەی لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی له‌ جۆری MQ-9 Reaper کردووە، کە توانای چاودێری و هێرشی هەیە.

داڕشتنه‌وه‌ی: عەبدولسەلام خۆجە