هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان پێشێلكردنێكی ” ئاشکرایە” بۆ سەر یاسا نێودەوڵەتییەکان

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ شەممە، نووسەرێکی سووری هۆشداری دا لە ئامانجەکانی تورکیا بۆ دەستبەسەرداگرتنی له‌شكركێشی له‌ رۆژئاوای كوردستان و سوریا، و ئێدانه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی كرد كه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌ خزمه‌ت گوزارییه‌كانی رۆژئاوا.

پێنجشەممەی ڕابردوو، ستیفان دوجارێک، وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، هێرشەكانی تورکیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان، قوربانی خه‌ڵكی سفیلی لێكه‌وتۆته‌وه‌، زیانی زۆریشی بە دامه‌زراوه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان، وه‌ك وێستگەکانی کارەبا و ئاو و کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی نەوت، گه‌یاندووه‌، ئەمەش كاریگه‌ری زۆر له‌سه‌ر هاوڵاتیانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ دروست ده‌كات.

سامر رەجا، نووسەرێكی سوورییه‌ و دانیشتووی دیمەشقه‌ ڕایگەیاند، بۆردومانی تورکیا بۆ سەر شار و شارۆچکەکانی رۆژئاوای كوردستان و بڕینی ئاو و کارەبا و بەکارهێنانی کارتی پەنابەرانی سوری لە تورکیا، پێشێلكردنێكی ” ئاشکرایە” بۆ سەر یاسا نێودەوڵەتییەکان.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس رایگه‌یاند، تورکیا ئامانجی بە تورك كردنی ناوچەکەیە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ” تورکیا هه‌وڵده‌دات خەونی عوسمانییه‌كان زیندوو بكاته‌وه‌ به‌ ده‌ستیه‌سه‌رداگرتنی سوریا و وڵاتانی دراوسێی”.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: عه‌گید مشمش