“تەحریر شام” لە کەمپێكی ئیدلب 18 كەسی دەستگیركرد
ئیدلب – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی، دەستەی تەحریر شام (بەرەی نوسرە)ی پێشوو 18 کەسی لە کەمپی بەردەغلی باکووری ئیدلب دەستگیرکرد.
دەستەی تەحریر شام ماوەی چەند مانگێکە هەڵمەتی دەستگیرکردنی بەردەوام لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا ئەنجام دەدات دژی ئەندامانی سەر بە خۆی و خەڵکی سڤیل و تۆمەتباركردنیان بە چەندین تۆمەت لەوانە كاركردن بۆ لایەنە دژبەرەكانی و هاندان لە دژی تەحریر شام.
سەرچاوەیەک لە دەزگای ئەمنی گشتی لە شاری دانا لە باکوری ئیدلب بە نۆرس پرێسی راگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەزگای ئەمنی گشتی سەر بە دەستەی تەحریر شام گەمارۆیەکی ئەمنی لە دەوروبەری کەمپی بەردەغلی کە دەکەوێتە باکوری ئیدلب سەپاند و هەڵمەتێکی دەستگیرکردنیان ئەنجامدا کە 18 کەسیان دەستگیركرد، لەنێویاندا کەسانی خوار تەمەن 18 ساڵ هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەڵمەتە بە بیانووی گەڕان بووە بەدوای ئەو كەسانەی كار بۆ هێزەکانی ڕوسیا دەكەن یان ئەوانەی بەشدارن لە هێرشکردنە سەر ئەندامانی دەستەی تەحریر شام. وتیشی بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان، دەستبەسەرکراوەکان گواستراونەتەوە بۆ زیندانی دژە تیرۆر لە شاری دانا.