ئیسرائیل بۆردومانكردنی باشووری سوریا رادەگەیەنێت
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی ئیسرائیل رایگەیاند بە تانك ئامانجەکانی سوپای سوریایان لە باشووری ئەو وڵاتە بۆردومان کردووە لە وەڵامی تۆپبارانكردنی خاکی ئیسرائیل.
شەوی پێنجشەممە، سوپای ئیسرائیل لەڕێگەی تۆپبارانەوە، ناوچەکانی گوندەواری ڕۆژئاوای درعای لە باشووری سووریای کردە ئامانج.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە، شەوی هەینی لە بەرامبەر تۆپبارانكردنی بەرزاییەکانی جۆلان، تانکەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر دامەزراوە سەربازییەکانی سەر بە سوپای سوریا.
لەم چوارچێوەیەدا ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سوریا ئاماژەی بەوەكرد هێزەکانی فڕۆکەوانی ڕووسیا گەڕێكی ئاسمانییان ئەنجامداوە بۆ ئەوەی ململانێکان لە ناوچەی جۆلان دووربخەنەوە.
لەمبارەیەوە جێگری بەڕێوەبەری ناوەندی ئاشتەوایی ڕوسیا، ڤادیم کۆلێت رایگەیاندووە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی چاودێریکردنی دۆخەکەدا، فڕۆکەوانی سەربازیی هێزی ئاسمانی ڕوسیا گەڕێكیان بەدرێژایی سنوورەکانی ناوچەی پاراستنی نێوان هێزە چەکدارەکانی ئیسرائیل و سوریا ڕێکخست.