دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵەوانێتیی جامی ئاسیا کە یارییەكانی لە قەتەر بەڕێوە دەچێت، کیشوەری ئاسیای تووشی شۆك کرد، كاتێك لە یاری قۆناغی دووەمی کۆمەڵەکاندا بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک، لە هەڵبژاردەی ژاپۆنی بردەوە.
لە یارییەکەی نێوان عێراق و ژاپۆن جەماوەرێکی زیاتر لە 38 هەزار بینەر ئامادەی بوون. بردنەوەی عێراقیش لە هەڵبژاردەیەكی بەهێزی وەكە ژاپۆن تا رادەیەك چاوەڕوان نەكراو بوو، بەو پێیەی هەڵبژاردەكە خاوەن كۆمەڵێك یاریزانی بەتوانایە و هەمیشە لە پاڵەوانێتییەكاندا ئاستێكی بەرزی پێشكەش كردووە.
دوو گۆڵەکەی عێراق لە خولەکی 5 و (45+5) لەلایەن یاریزان ئەیمەن حوسێنەوە تۆمارکرا، تاكە گۆڵەكەی ژاپۆنیش لە خولەکی (90+3) لەلایەن یاریزان ئیندۆ تۆماركرا.
بەم سەرکەوتنە، خاڵەكانی هەڵبژاردەی عێراق لە پێشەنگی کۆمەڵەکەیدا بۆ شەش خاڵ بەرزبووەوە و سەرکەوتنی بۆ قۆناغی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە مسۆگەر کرد، هاوکات هەڵبژاردەی ژاپۆن بە سێ خاڵ لە ڕیزبەندی دووەمدا دێت.