ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق کوژرانی سەرکردەیەک و سێ ئەندامی دیکەی “داعش”ی راگەیاند

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، فەرماندەیى ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، کوژرانی سەرکردەیەکی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” و سێ ئەندامی دیکەی ئەو رێکخراوەیان لە سنووری پاڕێزگای سەڵاحەدین و رۆژئاوای نەینەوا راگەیاند.

لە راگەیەندراوێکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراقدا لە روپەری تایبەتی خۆیان لە فەیسبووک بڵاویانکردەوە “لەمیانی ئۆپەراسیۆنێکدا لە سنووری پاڕێزگای سەڵاحەدین و رۆژئاوای نەینەوا، بەناو والی جەزیرەی سەر بە رێکخراوی داعش و سێ ئەندامى دیکەی رێکخراوەکە، کوژراون”.

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە “ھێزەکانی فیرقەی “7”ی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە و ھێزەکانی حەشدی عەشایەری ئۆپەراسیۆنێکیان بۆسەر تیرۆریستانی داعش لە سنووری نێوان پارێزگای سەڵاحەددین و رۆژئاوای نەینەوا ئەنجامداوە و لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، شەڕ و پێکدادان لەنێوان ھێزە عێراقییەکان و چوار تیرۆریستەکەی داعشدا روویداوە”.

بە گوتەی فەرماندەییەکە، ئەو سەرکردەیەی داعش کە لە شەڕ و پێکدادانەکەدا کوژراوە، پۆستی “والی جەزیرە”ی لە ناو رێکخراوەکەدا هەبووە.لە راگەێنراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کە بەهۆی چەکدارێکی حەشدی عەشایەریش کوژراوە.لە کۆتایی راگەێنراوەکەدا هاتووە: ” شاسوارەکانی یەکە ئەمنییەکانمان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا، جەزیرە، و سەلاحەدین، بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی فەرماندەی هێزە زەمینییەکان، بەردەوامن لە ئەرکەکانیان لە راوەدوونانی تیرۆریستان و شوێنپێهەڵگرتنیان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەکانمان لە ئەنبار، سەڵاحەدین، و بیابانەکانی نەینەوا”.