“مقاوەمەی ئیسلامی” بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشیک بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکی لە گوندەواری قامشلۆ راگەیاند
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، میلیشیاکانی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” لە راگەێنراوێکدا، بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشێکی درۆنی بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکی لە گوندی “هیمۆ” لە گوندەواری شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان راگەیاند.
لە راگەێنراوێکدا کە میلیشیاکە لە رێگەی ناسێنەرەکانیەوە بڵاویکردووەتەوە، دەڵێ “موجاهیدییەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بنکەیەکی ئەمریکییان لە گوندی ‘هیمۆ’ لە گوندەواری قامشلۆ کردووەتە ئامانج”.
تا ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی ئەنجامدانی ئەم هێرشەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
بە نزیکەیی رۆژانە بنکەکانی ئەمریکا لە لایەن ئەو میلیشیا شییعانەوە لە عێراق و سووریا دەکرێنە ئامانج و بە گوتەی خۆیان ئەمەش لە وەڵامی پشتگیری ئەمریکادایە بۆ ئیسرائیل لە ململانێکانیاندا لە گەڵ بزوتنەوەی حەماسی فەلەستین لە کەرتی غەززە.
هەمان میلیشیاش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشیکی درۆنی بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکی نزیک بە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە هەرێمی کوردستان پشتڕاست کردەوە، دژە تیرۆری کوردستانیش خستنەخوارەوەی ئەو درۆنەی راگەیاند و گوترا کە هیچ زیانێکی بەدوای خۆیدا نەهێناوە.