“مقاوەمەی ئیسلامی” بەرپرسیاریێتى خۆی لە هێرشێکی درۆنی نزیک بە فڕۆکەخانەی هەولێر راگەیاند
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ شەوی پێنجشەممە، میلیشیای “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” بەرپرسیاریێتى خۆی لە هێرشێکى درۆنى بۆ سەر پێگەیەکى هێزەکانى ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەى هەولێر راگەیاند.
لە گەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەوەی کە دەنگی تەقینەوەیەک لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر بیستراوە، دژەتیرۆرى کوردستان خستنەخوارەوەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوی راگەیاند.
میلیشیای “مقاوەمەى ئیسلامى لە عێڕاق” رایگەیاند، بە درۆنێک هێرشیان کردووەتە سەر پێگەیەکى هێزەکانى ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەى هەولێر.
بەر لەوەی ئەو میلیشیایە بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە راگەێنێت، دژەتیرۆری کوردستان گوتی، کاتژمێر 23:06 خولەکى شەوى پێنجشەممە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو تێکشێندرا و خرایە خوارەوە کە ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو.
دژە تیرۆر ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە درۆنەکە “لەلایەن میلیشیا لەیاسادەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش” کرابوو.
بە گوێرەی زانیارییەکان، هێرشەکە هیچ زیانێکی نەگەیاندووە.
میلیشیاکانی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” کە لە چەند گروپێکی شیعەی چەکدار پێکدێن و لە دوای هەڵگیرسانی ناکۆکییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە درووست بوون، بە گوتەی خۆیان هێرشەکانیان وەک کاردانەوەیەکە بەرامبەر پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە.
پێنتاگۆن دەڵێ، لەدوای 17ی تشرینی یەکەمی پارەوە، لانیکەم 130 هێرش کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا کە 53یان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بوون و 77 هێرشەکەی دیکە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بوون.