لە ژێر گەمارۆ و بۆردووماندا.. چالاکییەکانی فێستیڤاڵی “میتان”ی شانۆیی لە گوندەواری حەڵەب کۆتایی هات
گوندەواری حەڵەب – نۆرس پرێس
سەرەڕای ئەو سەختییانەی بەهۆی گەمارۆی حکومەت و بۆردومانەکانی تورکیاوە، ناوچەکە لە ماوەی رابردوودا رووبەڕووی بووەوە، دوێنێ پێنجشەممە، فێستیڤاڵی شانۆی میتان دوای حەوت رۆژ لە دەستپێکردنی لە گوندەواری باکووری شاری حەڵەب، کۆتایی بە چالاکییەکانی هێنا.
فێستیڤاڵەکە لە 10ی ئەم مانگەدا بە بەشداری ژمارەیەک گروپی شانۆیی جیاواز لە سەرجەم ناوچەکان و لە شاری کەرکوکی کوردستانی باشوورەوە، لەژێر دروشمی “هەموومان بە ئومێدین، وادەی گەڕانەوە نزیکە”.
زەینەب محەمەد، کە یەکێکە لە ئەندامانی لیژنەی ئامادەکار بۆ فێستیڤاڵی شانۆی میتان لە وەرزی پێنجەمیدا، بە نۆرس پرێسی گوت، “ئەم فێستیڤاڵە پێشتر لە شاری عەفرین بەڕێوەچووە، یەکەم خولی ساڵی 2014 بووە و لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، ئێمە ئاواتەخوازی ئەوە بووین کە لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەشداری هەبێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوو خولی کۆتایی فێستیڤاڵەکە لە کانتۆنی ئەلشەهبا بەڕێوەچوو، بەهۆی ئەو گەمارۆ و بۆردومانانەی کە ناوچەکە روبەڕووی دەبێتەوە، لەژێر بارودۆخێکی سەختدا فێستیڤاڵەکە بەڕێوەچوو.
روونیشیکردەوە، فێستیڤاڵەکەی ئەمساڵ جیاواز بوو لە هەموو وەرزەکانی پێشووی، بەو پێیەی ئەو ئامانجەی کە لیژنەکە ئاواتەخوازی بوون بەدیهات، ئەویش بەشداریکردنی ژمارەیەک تیپی جیاواز بوو کە نوێنەرایەتی چەندین ناوچەی دیکە دەکەن، لە سەرجەم شارەکانی (کەرکوک، حەسەکە، رەققە، کۆبانێ، حەڵەب، و دوو تیپیش لە شاری عەفرینەوە) بەشدار بوون.
ناوبراو درێژەی بە قسەکانی دا کە یەکێک لە ئامانجە هەرە گرنگەکانیان لەم فێستیڤاڵەدا “شارەزابوونی کەلتووری گەلانە”، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لە ماوەی ئەو فێستیڤاڵەدا نمایشی شانۆیی لەلایەن سەرجەم گرووپە بەشداربووەکانەوە پێشکەش کرا.
گوتیشی، چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە بە ڕێزلێنان لە سەرجەم تیپ و ئەکتەرەکان، کە بەشداربوون لە سەرکەوتنی فێستیڤاڵەکەدا کۆتاییهات، ئاماژەی بەوەشکرد، بە کۆتایی هێنان بە فێستیڤاڵەکە پەیامێکیان گەیاندە دەوڵەتی تورکیا، کە ” ئەوان توانیویانە خاکەکە داگیر بکەن، بەڵام ناتوانن کولتوور و زمان و هونەرمان داگیر بکەن”.
ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی