مەسەدە: لە گەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی عەرەبی لە پەیوەندیدا دەبین بۆ راگرتنی دوژمنکاریی تورکیا
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرکردەیەکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات رایگەیاند، لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی عەرەبی لە پەیوەندیدا دەبن بۆ راگرتنی “دەستدرێژییەکانی تورکیا” بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.
مەحمود ئەلموسڵەت، هاوسەرۆکی “مەسەدە” لە لێدوانێکدا بۆ نۆرس پرێس رایگەیاند، “بەردەوامی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە ئاماژەیە بۆ مایەپووچبوونی حکومەتی تورکیا و هەناردەکردنی قەیرانە ناوخۆییەکانی بۆ ناوچەکە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکان لە ژێر رۆشنایی بێدەنگی نێودەوڵەتی و سەرقاڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شەڕی غەززەوە ئەنجام دەدرێن.
ئەلموسڵەت داوای لە حکومەتی سووریا و وڵاتانی عەرەبی کرد، رۆڵی خۆیان بگێڕن بەرامبەر بە راگرتنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان.
بە ئاماژەدان بەوەی کە هێرشەکانی تورکیا “پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤە و هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە”.