میکائیل گۆرباچۆڤ لە تەمەنی 92 ساڵیدا کۆچی دواییکرد

هەولێر- نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، میکائیل گۆرباچۆڤ، دوایین سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت لە تەمەنی 92 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.

 میکائیل گۆرباچۆڤ بەوە ناسرابوو کە جەنگی ساردی بێ خوێنڕشتن کۆتایی پێهێنا، بەڵام نەیتوانی رێگری لە رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت بکات.

میکائیل گۆرباچۆڤ لە 2ی ئاداری ساڵی 1931 لە پریڤۆلینۆی یەکێتیی سۆڤیەت لەدایکبوو، ساڵی 1953 ژیانی هاوژینی پێکهێنا و خاوەنی یەک منداڵ بوو.

لە تەمەنی 54 ساڵیدا و لە ساڵی 1985 بووە سکرتێری گشتیی پارتی کۆمۆنیستی یەکێتیی سۆڤیەت و تاوەکو 1991 لە پۆستەکەیدا مایەوە. لە 15ی ئاداری 1990 بووە سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت و لە کانوونی یەکەمی 1991 لەگەڵ رووخانی یەکێتییەکە لە پۆستەکەیدا نەما.

سێ لە دیارترین هەنگاوە سیاسییەکانی گۆرباچۆڤ بریتی بوون لە واژۆکردنی رێککەوتننامەی کەمکردنەوەی دروستکردنی چەک لەگەڵ ئەمریکا، دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا بۆ شکاندنی بەربەستی ئاسنینی نێوان رووسیا و ئەوروپا کە لە جەنگی جیهانی دووەمەوە دروستببوو، هەروەها هاریکاربوو بۆ یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا لە 3ی تشرینی یەکەمی 1990.

کاتێک خۆپێشاندانی پرۆ دیموکراتەکان لەو بەشەی یەکێتیی سۆڤیەت کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئەوروپا دەستیپێکرد، گۆرباچۆڤ رەتیکردەوە هێز بۆ دامرکاندنەوەی بەکاربهێنێت؛ ئەوە لەکاتێکدا بوو، سەرکردەکانی پێشووی کرێملین تانکیان بۆ دامرکاندنەوەی راپەڕینی 1956ی هەنگاریا و 1968ی چیکۆسلۆڤاکیا نارد.

هەربۆیە ئەو خۆپێشاندانە وایکرد 15 کۆماری یەکێتیی سۆڤیەت ئۆتۆنۆمی بەدەستبهێنن و لە ماوەی دوو ساڵدا یەک لە دوای یەک جیاببنەوە. بەو هۆیەوە یەکێتیی سۆڤیەت رووخا و گۆرباچۆڤ نەیتوانی رێگری لە جیابوونەوەی ئەو کۆمارە نوێیانە بگرێت.

گۆرباچۆڤ یاسای ئازادیی بیروبۆچوونی راگەیاند کە بووە هۆکاری پەیدابوونی جۆرێک لە دەنگی ناڕازی کە لە حکومەتەکانی پێش خۆیدا بیرکردنەوەش لێیان قەدەخە بوو. ئەوەش وایکرد ناسیۆنالیستەکانی لاتڤیا، لیتوانیا و ئیستۆنیا و چەندین جێگەی دیکە هەوڵی سەربەخۆیی بدەن، تاوەکو لە دواییدا یەک لە دوای یەک جیابوونەوە.